بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

ئەنجومەنی كوردی ئیسلامیی ئەوروپا بە بایەخێکی زۆرەوە چاودێریی پەرەسەندن و گرژییەکان دەکات کە کاریگەرییان لەسەر ئاسایشی شانشینی عەرەبی سعودی و کۆماری یەمەن هەیە، هەروەها ئەو لێکەوتە مرۆیی، سیاسی و ئەمنییانەی کە لێیانەوە دەکەونەوە و هەردوو گەلی برای هەردوو وڵات و تەواوی ناوچەکە دەگرنەوە.

ئەنجومەن جەخت لەوە دەکاتەوە کە قۆناغی ئێستا پێویستی بە بەرزترین ئاستی هۆشمەندیی و بەرپرسیارێتی هەیە، و پێویستە زمانی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بەسەر لۆژیکی رووبەڕووبوونەوە و پێكدادان سەربخرێت، بە شێوازێک کە ژیانی مرۆڤ بپارێزێت و یەمەن دوور بخاتەوە لە مامەڵەکردن و هەوڵەکانی بەکارهێنانی گەلەکەی و تواناکانی بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە سنووربەزێنەکانی وڵاتانی تر.

هەروەها ئەنجومەن جەخت لەسەر پێویستیی پاراستن و هێشتنەوەی ناسنامەی نیشتمانیی یەمەن دەکاتەوە. ئەنجومەن داكۆكی دەكات لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو بیرۆکە نامۆیانەی کە ئامانجیان پەرتەوازەکردنی کۆمەڵگەی یەمەنییە و بەکارهێنانیەتی لە پرۆژە ناوچەییەکاندا کە گەلانی ناوچەکە بەم هۆیەوە باجێکی قورسیان داوە. ئەنجومەن هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دووپات دەکاتەوە لە ڕێزگرتن لە سەروەریی شانشینی عەرەبی سعوودی و سەلامەتیی خاکی ئەو وڵاتە، چونكە خاکی پیرۆزی مەكە و مەدینە قیبلەی مسوڵمانانە. لە بەر ئەمە، پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی هەردوو گەلی برای یەمەنیی و سعودیی ئەركێكی پێویست و پیرۆزە. ئەنجومەن جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر ئاسایشی سعودیە یان خاکی ئەو وڵاتە، دەستدرێژییە بۆ سەر نەتەوەی ئیسلام.

لە هەمان کاتدا، ئەنجومەن پشتگیریی خۆی بۆ گەلی برای یەمەن دووپات دەکاتەوە لە ئارەزووە ڕەواکانیان بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئارام، چەسپاندنی سیستەمێکی شەرعیی سەربەخۆ کە لەسەر بنەمای دادپەروەری و دەرفەتی گونجاو بێت و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی یەمەن و سەروەرییەکەی بێت. هاوتەریب، پێویستە کۆتایی بە نەهامەتییە مرۆییەکانی یەمەن بێت، تاوەکو یەمەن بگەڕێتەوە یەمەنی باوەڕ و هۆشمەندیی، بەختەوەریی، ئارامیی، سەقامگیریی، وێڕای گەڕانەوەی چارەنووسی یەمەن بۆ دەستی ڕۆڵە دڵسۆزەکانی.

ئەنجومەن پێی وایە کە ئاسایشی شانشینی عەرەبی سعودی و سەقامگیریی کۆماری یەمەن دوو ڕێگەی دژ بە یەک نین، بەڵکو دوو کۆڵەکەی تەواوکەرن بۆ ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و پەیوەندییە مێژووییەکان و پەیوەندیی برایەتیی، دراوسێیەتیی و چارەنووسی هاوبەش لە نێوان هەردوو گەلی سعودی و یەمەنیدا كە بنەمایەکی پتەو پێکدەهێنن بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و بونیادنانی داهاتوو لەسەر بنەمای هاوکاریی، لێکتێگەیشتن و بەرژەوەندیی هاوبەش.

هەروەها ئەنجومەن پێزانینی خۆی بۆ هەر هەوڵ و دەستپێشخەرییەك دەردەبڕێت کە ئامانجیان بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیرییە و جەخت لە گرنگیی سود وەرگرتن لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان و ڕێڕەوەکانی گفتوگۆی ئێستا دەکاتەوە، بە شێوازێک کە زەمینەسازیی بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان و چارەسەرکردنی هۆکارەکانی بکات، هەروەها رێگری لە فراوانبوونەوەی بازنەی رووبەڕووبوونەوە یان سەرهەڵدانەوەی پێکدادانەکان بکات.

ئەنجومەن ئامادەیی خۆی نوێ دەکاتەوە بۆ بەشداریکردن، لە سنوری توانا و بەرپرسیارێتییەکانیدا، لە پشتگیریکردنی ڕێڕەوەکانی هێورکردنەوە و گفتوگۆ، و بەهێزکردنی پردەکانی پەیوەندی و لێکتێگەیشتن، بە شێوازێک کە خزمەتی بەرژەوەندیی هەردوو گەلی برا بکات، و بەشداری لە چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکەدا بکات.

ئەنجومەن لە کۆتاییدا جەخت دەکاتەوە کە ئاسایشی شانشینی عەرەبی سعودیی و سەلامەتیی کۆماری یەمەن و کەرامەتی هەردوو گەلی برا، هەموویان ئامانجی تەواوکەرن و دژ بە یەک نین و ڕێگەی گەیشتن پێیان بە گفتوگۆی عاقڵانە و هاوکاریی بەرهەمدار و بونیاتنەردا بە ئەنجام دەگات، دوور لە پەرەسەندن و پێکدادانەکان کە جگە لە ئازاری زیاتر بۆ گەلانی ناوچەکە هیچ شتێکی تری لێوە بەرهەم نایێت.

ئەنجومەنی ئەوروپیی کوردیی